مێژووی کورد له ناوچه‌که‌دا له سه‌ده‌کانی ناڤین
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌کان به سه‌ر ئێران دا کوردستان دابه‌ش کرا بوو به سه‌ر چه‌نده‌ها ئیماره‌تی گرینگی کوردی دا که زۆربه‌یان له گه‌ڵ عوسمانییه‌کان دا کۆک بوون و تا راده‌یه‌کی باش پێکه‌وه ده‌سازان. له‌و ناوچانه‌ی وا ئه‌مرۆ به رۆژهه‌لاتی کوردستان ده‌ناسرێ سه‌فه‌وییه‌کان نوفووزیان زیاتر بوو. ئیماره‌ته گرینگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له باکووره‌وه بۆ باشور بریتی بوون له برادۆستیه‌کان، موکریان و ئه‌رده‌ڵان. هه‌رسێکیشیان به پێی هه‌ل و مه‌رج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دانوستانیان له‌گه‌ل هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وی و عوسمانی دا ده‌کرد.
له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده دا برادۆستییه‌کان که‌وتنه به‌ر رق و کینی سه‌فه‌وییه‌کان و به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌ڕێکی گه‌وره‌یان به سه‌ر دا سه‌پێنرا. به‌هانه‌ی شه‌ڕه‌که‌ش ئه‌وه بوو که سه‌فه‌ییه‌کان چاویان به‌وه هه‌ڵنه‌هات کاتێک دیتیان ئه‌میرخان له‌پزێڕینی برادۆست خه‌ریکی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی قه‌ڵایه‌کی کۆنی ناوچه‌ی ورمێ بوو. برادۆستیه‌کان که پشتیوانی موکریه‌کانیشیان له‌گه‌ڵ بوو قاره‌مانێتییه‌کی گه‌وره و له راده‌به‌ده‌ریان نواند و ته‌نیا پاش ساڵێک له گه‌مارۆدران و شه‌ڕی قورس سه‌فه‌وییه‌کان توانییان زاڵ بن به سه‌ریان دا. به پێێ کتێبی ده‌سنووسی عالم آرای عباسی، شا عه‌بباس فه‌رمانی دا به ره‌شه‌کوژییه‌کی گه‌وره دژ به خه‌ڵکی بێ‌تاوان و قاره‌مانی ناوچه‌که و له تۆڵه‌ش دا ژماره‌یه‌کی زۆری لێیان ئاواره‌ی باکووری خۆراسان کرد. ئه‌و روداوه له ساڵه‌کانی 1609/1610 زایینی دا قه‌وماوه.خاڵێکی تری سه‌رنج راکێش کۆچ کردنی تورکه ئه‌فشاره‌کانه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی زایینی بۆ ناوچه‌ی ورمێ که به کرده‌وه هه‌وڵێک بوه بۆ گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچه‌که. ئه‌رکێکی نگریس که مێژوو قه‌ت نه‌یهێشت به ته‌واوی سه‌رگرێ...
+
نووسراوه له
Thu 23 Oct 2008 ده‌مژمێر 13:53 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|
مێژووی کورد له ناوچه‌که‌دا له سه‌ده‌کانی ناڤین
به گوێره‌ی به‌ڵگه مێژووییه‌کان ته‌ورێز که ناوه‌ندی حوکوومه‌تی کوردی له ئازه‌ربایجان بوو له‌و سه‌رده‌مه دا چه‌ندین جار تووشی ئه‌ردهه‌ژیان/بوومه‌له‌رزه بۆتوه و ته‌نانه‌ت به‌ر تاعوونیش که‌وتوه و زه‌ره‌ر و زیانێکی زۆر به‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که گه‌یشتوه. ئه‌و هۆیانه‌ش لاوازی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌ی لێکه‌وتۆته‌وه. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه بووه که ته‌ورێز چه‌ند جار له لایه‌ن ره‌وادییه‌کانه‌وه ئاوه‌دان و نۆژه‌ن ده‌کرێته‌وه.
ته‌نانه‌ت پاش ده‌ست به‌سه‌رداگر کردنی تورکه سه‌لجووقییه‌کان به‌سه‌ر ئێران و ئازه‌ربایجان دا حوکوومه‌تی خۆجێیی ئازه‌ربایجان هه‌ر له ده‌ست کورده‌کان دا مایه‌وه، هه‌رچه‌نده که وه‌ک جاران سه‌ربه‌خۆ نه‌مان. هه‌روه‌ها له‌و کاته‌ده‌ا حکوومه‌ته کوردییه‌کانی ئازه‌ربایجان به ناوی ئه‌تابه‌کانی ئازه‌ربایجان و ئه‌تابه‌کانی مه‌راغا و هتد ده‌ناسران. ئه‌و حوکوومه‌ته ئتابه‌کییه خۆجێییانه‌ی کورده‌کان به سه‌ر ئازه‌ربایجانی ناوڕاست دا تا سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌م که مه‌غووڵه‌کان ناوچه‌که‌یان گرت درێژه‌ی هه‌بوو. مه‌غووله‌کانیش هه‌ر وه‌ک ده‌زانن هێنده‌ی تر ناوچه‌که‌یان شێلاو کاولیان کرد‌و له‌به‌ر
یه‌کیان برد...
له درێژه‌ی باسه‌که‌مان له سه‌ر مێژووی ئازه‌ربایجانی رۆژاوا ده‌گه‌ینه سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کان. به پێی باوه‌ڕپێکراوترین به‌ڵگه مێژوویی و ده‌ستنووسه‌کان بۆ وێنه ده‌قی په‌رتووکی گرینگی سه‌فوه‌توسوفا، سه‌فه‌وییه‌کان له بنه‌ڕه‌ت دا کورد بوون ومێژووناسان وای لێک ده‌ده‌نه‌وه که باپیره گه‌وره‌ی سه‌فه‌وییه‌کان سۆفییه‌کی به‌ناوبانگ بووه له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات (هێندێکیش ده‌ڵێن باشوور) -ی کوردستان که به‌ره‌و ناوچه‌ی ئه‌رده‌بیل به‌ڕێ که‌وتووه و پاشان به په‌ره‌پێدانی مه‌زهه‌بی شیعه چه‌ند هۆزێکی شه‌ڕکه‌ری تورکومه‌نیان له خۆ کۆ کرده‌وه و دواتر به شه‌ڕ و هه‌ڵا ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌یان دامه‌زراند.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌و واتایه نیه که بمانهه‌وێ سه‌فه‌وییه‌کان به ده‌و‌له‌تێکی کوردی دانێین؛ سه‌فه‌وییه‌کان هه‌ر چه‌ند له بنه‌ڕه‌ت دا کورد بوون به‌ڵام به داخه‌وه هه‌رگیز مۆرکی کوردایه‌تییان تێدا به‌هێز نه‌بوو بگره ته‌نانه‌ت تێ‌یان دا دیاریش نه‌بوو. ئه‌وان زۆرتر نوێنه‌رایه‌تی ره‌وتێکی شیعی فارسی یان ده‌کرد تا کوردی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌فه‌وییه‌کان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته خۆجێیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌ت برادۆستیه‌کانی ورمێ یه که ئه‌ویش له پۆستی داهاتوو دا شی ده‌که‌ینه‌وه...
+
نووسراوه له
Wed 15 Oct 2008 ده‌مژمێر 22:39 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|
مێژووی کورد له ناوچه‌که دا له سه‌ده‌کانی ناڤین
له راستی دا یه‌کێک له هه‌ره کۆنترین ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که له
سه‌رده‌می ئیسلامی دا ، ده‌یسه‌می کورد بووه. ده‌یسه‌م بێ وچان له‌گه‌ڵ
ده‌یله‌مییه‌کان له ململانکێ دا بوو بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به
سه‌ر ده‌ڤه‌ری ئازه‌ربایجان دا. ژێنێڕاڵێکی بوێری ده‌یسه‌میش به ناوی
جه‌ستان کوڕی شه‌رمه‌زان زانراوه که ناوچه و باژێری ورمێی له ژێر
ده‌سه‌ڵاتی خۆی دا هه‌بووبێ. به‌ڵام له ده‌وڵه‌ته هه‌ره گرینگ و
ناسراوه‌کانی کوردی دا وا له‌و سه‌رده‌مه دا و پاش ده‌یسه‌م حوکمیان
ده‌کرد به سه‌ر ئازه‌ربایجان دا، ره‌وادیه‌کان له هه‌موویان به‌هێزتر
بوون و باشتر ناسراون. ره‌وادییه‌کان زۆرێک له ئازه‌ربایجانیان له
سه‌ده‌ی ده هه‌تا سێزده‌وه به ده‌سته‌وه بوو و به‌تایبه‌ت له
ناوچه‌کانی ناوه‌ڕاست و باکووری ئازه‌ربایجان که بریتی بوو له
ناوچه‌کانی ته‌ورێز و ئه‌رده‌بیل بوونیان هه‌بوو. خاڵێکی سه‌رنج ڕاکێش
سه‌باره‌ت به ره‌وادییه‌کان وا له په‌رتووکی کۆن و ده‌سنووسی
''سه‌فینه‌ی تورێزی'' دا نووسراوه ئه‌وه‌یه که ره‌وادییه‌کان ئاوه‌دان
که‌ره‌وه‌ی ته‌ورێز بوون. ته‌ورێزێک که به گه‌وره‌ترین باژێری
ئازه‌ربایجان له گشت دنیا داده‌نرێ.
هه‌روه‌ها ناوچه‌کانی رۆژاوای ئازه‌ربایجان ته‌نانه‌ت مه‌راغاش له ژێر
ده‌سه‌ڵاتی هه‌زه‌وانه‌کان دا بووه که خۆیان هه‌ر لقێک بوون له
ره‌وادییه‌کان و پێوه‌ندی دۆستایه‌تی و سیاسی به‌هیزیشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر
دا هه‌بووه.
زانراویشه کاتێک هۆزه تورکه‌کانی غوز ویستویانه هورووژم بکه‌نه سه‌ر
ورمێ ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و کاته‌ی ورمێ که ناوی ئه‌بوو هیجا (هێژا؟) کوڕی
ربیب الدوله بووه که سه‌ر به هۆزی هه‌زه‌وانی بووه. له
به‌رگرییه‌که‌ی ئه‌بوو هیجا دا بیست و پێنج هه‌زار له سی هه‌زار تورکه
غوزه‌کانی کوشتوه و به توندی شکستی داون.
له‌م پۆسته‌ی ئه‌مجاره‌دا هه‌ر ماوه ئه وه باس که‌ین که به پێی
ئه‌نسیکلۆپێدیای ئیرانیکا یه‌که‌م تورکزمانه‌کان که پێیان ناوه‌ته
ئازه‌ربایجان ده‌سته‌یه‌کی به نیسبه‌ت چکۆله تورکومه‌نی تیرووکه‌وان
هاوێژ بوون که حوکوومه‌ته کوردیه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئازه‌ربایجان له
ناوه‌ڕاست و باکووری رۆژهه‌لاتی ئێرانه‌وه وه‌ک به‌رده هێنایانن تا له
پاشه‌رۆژ دا دژ به حوکوومه‌ته کوردیه‌کانی دراوسێیان له باکوور بۆ
وێنه شه‌دادییه‌کان له ئه‌رمه‌نیستان و گورجستان دا به کاریان بهێنن.
+
نووسراوه له
Tue 14 Oct 2008 ده‌مژمێر 11:36 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|
مێژووی کورد له ناوچه‌که‌دا له سه‌ده‌کانی ناڤین
به‌ر له وه‌ی باس له مێژووی کورد له ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان له سه‌ده‌کانی ناڤین و سه‌ره‌تای ئیسلام دا که‌ین، پێم باشه ئاماژه‌یه‌کی کورتیش ده‌ینه سه‌ده‌کانی به‌ر له ئیسلام و ته‌نانه‌ت به‌ر له زایین.
ئه‌وه‌ی ئاشکرا و روونه ئه‌وه‌یه که ناسراوترین سه‌رداری ئازه‌ربایجان له سه‌رده‌می به‌ر له زایین دا که‌سێک بووه به نیوی ئاترۆپات که هه‌ر ناوی ویشه که نراوه‌ته ئه‌و ده‌ڤه‌ره و پاش ئیسلامیش بووه‌ته ئازه‌ربایجان. ئه‌گینا ناوچه‌ی ناوچه‌که لا سه‌ره‌تا دا وه‌ک مادی چکۆله ده‌ناسرا، ئه‌ویش له هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ مادی گه‌وری که بریتی بوو له ناوچه‌ی رۆژاوا و ناوه‌ڕاستی زنجیره چیاکانی زاگرۆس. ئاترۆپاتیش پێ ده‌چێ له لایه‌ن ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌زنه‌وه وه‌ک سه‌رداری ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان دانرابێ. دیاره گرینگ‌ترین باژێری ئازه‌ربایجان له‌و کاته‌دا گه‌نجه‌ک بووه که هه‌ر پێته‌خته‌که‌شی بووه و ده‌که‌وێته نزیک ته‌ختی سلێمانی ئه‌مرۆکه.

(دیمه‌نی ته‌ختی سوله‌یمان، شوێنێکی هه‌ره گرینگی ئازه‌ربایجان به‌ر له ئیسلام)
با بگه‌ڕیینه‌وه سه‌ر باسه‌که‌مان که بریتی بوو له مێژووی کورد له ناوچه‌که‌دا له سه‌ده‌کانی ناڤین.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا دڵخۆشکه‌ره ئه‌وه‌یه که زانیاری سه‌باره‌ت به کورده‌کان له سه‌ده‌کانی ناڤین و پاش ئیسلام دا ئێجگار پتره. ره‌نگه زۆر هه‌له نه‌ڕۆیشتبین ئه‌گه بڵێین که مێژووی پاش ئیسلامی ئازه‌ربایجان به کورده‌کانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. به پێی کۆنترین ده‌قه مێژوویه‌کان هه‌ر له سه‌ده‌کانی سه‌ره‌تای پاش ئیسلامه‌وه ئازه‌ربایجان شوێنی نیشتنی سێ گه‌لی کورد (له ناوه‌ڕاست و رۆژاوا) و ئه‌رمه‌نی (له باکوور) و ده‌یله‌می (له رۆژهه‌ڵات) بووه که پاشان عه‌ره‌بیشیان (له هێنده‌ک له شاره‌کان) دێته پاڵ و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوچه‌که گۆڕه‌پانی ململانکێی هۆزه به‌هێزه‌کانی کورد و ده‌یله‌می بوون. جێی خۆیه‌تی لێره دا باس بکرێ که له رووی ئه‌تنیکییه‌وه گه‌لی ده‌یله‌می وه‌ک ئامۆزای نه‌ته‌وه‌ی کورد وابوون، گه‌رچی مه‌خابن له رووی سیاسیه‌وه هه‌رگیز نه‌یانتوانی یه‌ک گرن و له گه‌ل یه‌ک بحه‌وێنه‌وه...
+
نووسراوه له
Mon 13 Oct 2008 ده‌مژمێر 21:51 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|
چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک له مێژوی کۆنی ناوچه‌که
به‌ر له گشت شتێک ده‌بێ ئه‌وه روون که‌ینه‌وه که نه‌ک هه‌ر پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژاوا به‌ڵکوو تێکڕای ده‌ڤه‌ری ناسراو به ئازه‌ربایجان به‌تایبه‌ت ناوچه‌کانی هه‌ڵکه‌وتوو له باشووری چۆمی ئاراس هه‌ر له سه‌رده‌مانیکی ئێجگار زووه‌وه وڵات و مه‌ڵبه‌ندی نیشته‌جێبوونی کوردان بووه؛ ئه‌وه‌ش ته‌نیا له ئاستی تیۆرییه‌ک دا نیه به‌ڵکوو راستییه‌که که سه‌رجه‌م مێژووناسان له سه‌ری کۆکن، چ ئه‌وانه‌ی وا کورده‌کان به گه‌لێکی پاشماوه‌ی هۆریه‌کان وو چ ئه‌وانه‌ی وا به گه‌لێکی به ره‌چه‌ڵه‌ک هیندوئه‌ورووپی (وه‌ک میتانی یانیش هه‌ر بگره ماده‌کان) -ی داده‌نێن.
ئه‌و راستییه‌ش مێژووی بوونی کورده‌کان له ناوچه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ لانی که‌م 3000-3500 سال له‌مه‌وبه‌ر که سه‌رده‌می هاتنی هۆزه هیندوئه‌ورووپییه‌کانه بۆ ناوچه‌که (به پیێ بۆچوونی زۆرینه‌ی مێژووناسان ئه‌گینا مێژووناسی واش هه‌یه که سه‌رده‌می هاتنی هۆزه هیندوئه‌ورووپییه‌کان بۆ ناوچه‌که بۆ زووتر له‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه) بگره هه‌تا پێنج تا هه‌شت هه‌زار سال له‌مه‌وبه‌ر که به سه‌رده‌مێک داده‌نرێ که هۆریه‌کان گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌که و لێی ژیاون.
+
نووسراوه له
Mon 13 Oct 2008 ده‌مژمێر 15:51 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|
وێڕای سڵاو له ئێوه خوێنه‌رانی به‌ڕێزی وێبلاگی ''ورمێ کوردستان''
به هۆی هه‌ستیارییه‌کی له راده‌به‌ده‌ری وا هه‌یه‌تی بۆ کوردستانه‌که‌مان له‌مڕۆوه تێ ده‌کۆشم ورده ورده ته‌وه‌ر و مژارگه‌لێک بکه‌مه‌وه له سه‌ر مێژوو، ئێستا و داهاتووی ناوچه هه‌شاردراوه‌کانی باکووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وا له به‌ڵگه ره‌سمیه‌کانی ئێران دا وه‌ک پارێزگه‌ی ئازه‌ربایجانی رۆژاوا ده‌ناسرێت. بۆچیش من\ئه‌ز وه‌ک ''هه‌شاردراو'' نێوی دێنم خۆی باسێکه له داهاتوو دا شرۆڤه‌ی له سه‌ر ده‌که‌م.
ئه‌وه‌ش یه‌که‌م پۆستمه و هیوام وایه چاوه‌ڕوانی سه‌رجه‌م پۆسته‌کانم بن له داهاتوو دا!

(دیمه‌نێک له زێی ورمێ و ناوچه‌که)
+
نووسراوه له
Sun 12 Oct 2008 ده‌مژمێر 16:56 له لایه‌ن ئاترۆپاته‌وه
|